بەیانیێ

پلاتفورمی هۆرام : پێویستە توندڕەوەکان سنووری خۆیان بزانن و دڵنیا بن لە کۆمەڵگادا ڕسوا دەبن

هاونیشتمانان هەروا کە دەزانن و ئاگادارن لە لایان کەسێک بە ناو مەلا هەڵۆوە کە کەسێکی توندڕەوی بە ناو ئیسلامیەوە و پێشنوێژی مزگەوتە هێرش کراوەتە سەر گۆرانیبێژ ماریا هەورامی لە سەر بلاو کردنی ویدیۆیێکی هونەریەوە. پیش لە هەموو شتێک جێگەی خۆیەتی دەستخۆشی خۆمان لە گەلەکەمان بکەین لە هەڵوێستیان بەرامبەر ئەم هێرشانه و پشتیوانی خۆیان لە هونەر.

بێگومان هونەر بەشیێکی گرینگی ژیان و ناسنامەیه و گەلی کورد بەردەوام بە چالاکی هونەری توانیویەتی مەترسی قڕکردنی فەرهەنگی و کلتوری لە سەر خۆی کەم بکاتەوە.

گەلی کورد بە هۆی دەوڵەمەندی لە بواری ئەدەبی و گۆرانیدا و پەیوەندی لە گەڵ سروشتدا توانیویەتی بەردەوام لە بەرامبەر زۆربەی گۆڕانکاریە نەرێنیەکاندا خۆڕاگر بێت و خۆی بپارێزێ .

بە زمانی گۆرانی و بە هونەری هەڵپەڕکێ تەنانەت پیش و پاشی شەرەکانیشدا گەلەکەمان توانیویەتی هەم کۆمەڵگاکەی بە ئیرادە و یەکگرتو  و شاد بهێڵیتەوە هەمیش لە هەموو مەینەتیەکان خۆی تێپەڕێنێ.

ژن لەم بوارەدا ڕؤڵێکی گرینگ هەبوە و هەیەتی و بە دڵنیایەوە ژن لەم بوارەدا نە تەنیا لە بواری هونەر و ئەدەب و کەلتوردا خزمەتێکی فراوان دەکات بەڵکو لە بواری ڕووبەڕووبونەوە لە بەرامبەر بە زهنیەتی پیاوسالاری و توندڕەوانەدا پێگەیێکی ئێکجار گەورەی هەیە.

بۆیە ئێمە وەک پلاتفورمی هۆرام بە توندی ئەو چەشنه هێرشانه لە سەر ژنانی هونەرمەند وچالاکمان شەرمەزار دەکەین.هەروەها هوشداری دەدەینه ئەو کەسە توندڕەوانه سەر بە هەر لایانێک بن کە بە هیچ شێوەیێک نە ئێمە و نە لە لایان گەلی کوردەوە ئەو جۆرە کردارانە و هێرشانەیان لێ قەبووڵ ناکرێت.

هەرچەند دوژمنانی گەلی  کورد و داگیرکەران بە هاوکاری هەندێک لایانی ناوخۆییش هەوڵی تواندنەوەی گەلی کورد  لە هەموو بوارەکاندا دەدەن و لە هەنگاوی یەکەمدا هێرشەکانیان بەردەوامه لە سەر ژنان، بەڵام لە ئێستا دا گەل بە هۆشیاری و هەستیاریێکی زۆرترەوە لە هەموو بابەتەکان نزیک دەبێتەوە. نە بە گشتی کوردستان و نە هەورامانیش چی دی بیری بەرتەسکانە و توندڕەوانه پەسەند ناکات و دژی ڕادەوەستێتەوە.

پلاتفورمی هۆرام

١٤-٠٨-٢٠١٩

A