خەبەرێ نویستەکا

مەحموود خانی هەورامان ئەو کەسەی ١٠١ ساڵ لەمەو بەر سڵێمانی لە دەستی ئنگلیزەکان ئازاد کرد .

بە بۆنەی ئازاد کردنی ١٠١مین ساڵڕۆژی ئازادکردنی سڵێمانی لە دەستی ئینگلیزەکان و ڕادەستکردنەوەی بە شێخ مەحمودی حەفید مەلیکی کوردستان:

لە بەر هەر هۆکاریک بێت مەخابن زۆر کەم کەسانێک هەن کە ناوی  مەحمود خانی دزڵی – خانی هەورامانیان بیستبێت. مەحمود خانی دزڵی هەرێمی هەورامان ئەو کەسەی کە ١٠١ ساڵ لەمەوبەر سلێمانی لە ئینگلیزەکان ئازاد کرد و ئامانجی یەکێتی نەتەوەیی و نەناسینی سنورە دەستکردەکانی نێوان بەشەکانی کوردستان بوو. مەحمود خانی دزڵی لە هەرێمی هۆرامان لە سالی ١٨٧٠ لە دایک بووە و لە ١٩٤٦ هاوکات لەگەڵ سەردەمی کۆماری کوردستان لە گۆندی هانە قۆڵ لە هەورامانی دیوی باشوری کودستاۆ بە دەستی خائینانی گەل و نیشتمان و پیلانی ڕژێمی شاهنشاهی ئێران  ژەهرخواردوو کرا و بەو هۆیەوە دوای ٩ ڕۆژ شەهید بوو. مەحمود خانی دزڵی کە لە سەردەمی شێخ محمودی حەفید مەلیکی کوردستان ( ١٨٨١- ١٩٥٦ ) لە هەرێمەکانی هەورامان و مەریوان خاوەن دەسەڵات بووە و نزیکەی پێنج هەزار چەکداری یادە و سوارەی هەبووە و لە یەک کاتدا دژی دەسەڵاتی پاشایەتی ئێران، عوسمانی و بەریتانیا شەری کردوە.
خانی دزڵی کەسایەتیەکی شۆرشگێری نەتەوەیی بووە و چەندین جار لە شەری بەریتانیائیەکان و شێخ مەحمودی حەفید دا، لە هەرێمی هۆرامانەوە بەرەو شارەزوور و سلێمانی هێزی خۆی بۆ پشتیوانی لە شێخ مەحمود و سلێمانی جووڵاندوە. هەر وەها دژ بە دەسەڵاتی عوسمانی و پاشایەتی ئێران هاوکاری هێزە هەرێمیەکانی پشدەر لە باشوور و میرنشینە کوردیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی کردووە.
ساڵی ١٩١٩ کە بەریتانیا و فەرەنسا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست سەرقاڵی پلانی درووستکردنی چەندین وڵاتی نوێ و بچووککردنەوەی دەسەڵاتی عۆسمانی و سەفەوی لە هەرێمەکە بوون، بەریتایەکان لە بواری سیاسیی و نیزامیی دەستیان بە سەر شاری سلێمانی و دەوروبەریدا گرتبوو و دەیانویست بەتەواوەتی دەسەڵاتی شێخ مەحمود بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە. زیادبوونی فشارەکان لە سەر شێخ مەحمود وای کرد کە شێخ داوای هێزی پشتیوانی لە مەحموود خانی دزڵی هەورامان بکات.
ئەوە بوو مەحمود خان بەخۆی ٣ تا ٤ هەزار چەکدار دەچێتە شارباژێڕ بە مەبەستی ڕزگارکردنی سلێمانی. دوای ئەوە ئینگلیزەکان بە جموجوڵی و ئامانجەکەی مەحمود خان دەزانن مێجەرسۆن حاکمی ئەو کاتەی بەریتانیا لە سلێمانی بە شێخ مەحمودی حەفید دەڵێت: “بە مەحمود خان بڵێ؛ با خۆی و ٥ تا ٦ کەس لە نزیکانی بە بێچەک بێنە سلێمانیەوە”. مەیجۆرسۆن بە تەمای دەستبەسەرکردنی مەحمود خان ئەو داخوازییەی لە مەلیک مەحمود کردبوو. بەڵام مەحمود خان هیچ باوەڕیەکی بە ئینگلیزەکان نەبووە و کاتێک ئەو داخوازی و پێشنیارەی پێدەگات ڕەتی دەکاتەوە. هەر بۆیە مەیجۆرسۆن لە ترسی گیانی خۆی سلێمانی بەجێدەهێڵێت و بەرەو بەغداد هەڵدێت و ئەرکەکەی بە جێگری خۆی گرین هاوس دەسپێرێ.

مەحمود خانی دزڵی و هێزەکەی دوای سێ ڕۆژ هێرش دەکەنە سەر  هێزەکانی بەریتانیا و شکستیان دەدات و دەچێتە ناو شاری سلێمانیەوە و نوێنەری ئینگلیز و ژمارەیک زۆر سەربازی بەریتانیا بە دیل دەگرن و بارەگاکانیانیان کۆنترۆڵ دەکەن. پاش ئەوەش دیلەکان و بارەگاکانی ئینگلیزەکان و شاری سلێمانی ڕادەستی شێخ مەحمودی حەفید دەکات و بەو شێوەیە لە ڕێککەوتی ١٩١٩/٠٥/٢١ سلێمانی و دەوروبەری لە بەریتانیەکان ئازاد و ڕزگار دەکرێن.
داوابەدواێ ئەوەش مەحموود خانی دزڵی و هێزەکەی دەگەڕێنەوە هەرێمی هەورامان.
شێخ مەحمود کە هەموو هیواکانی بە دەسەڵاتی عوسمانیەوە بەستبویەوە بۆ وەستانەوە دژ بە ئینگلیزەکان، مەخابن  عوسمانیەکان پشتیان نەگرت و بە رێککەوتن لەگەڵ ئینگلیزەکان لە کۆتایەکانی ساڵی ١٩١٩دا ڕێگای هێرش بۆ سەر سلێمانیان هەموار کرد.
ئەوەبوو کە هێزێکی مەزنی ئنگلیزەکان لە کەرکوکەوە پەلاماری سڵێمانی دایەوە و دوای چەن هەفتەیەک شەڕ و کوژرانی ٤٨ کەس و برینداربوونی سەدان کەسی دیکە و هەروەها برینداربربوونی شێخ مەحمود لە بەردەقارەمان و بە دیلگرتنی، ئیتر پارسەنگی هێز گۆڕی و دەرنجام ئینگلیزەکان سلێمانیان داگیر کردەوە. پاش ئەوەش شێخ مەحمود بە دیلی بەرەو هندوستان رەوانە کرا و دوای سێ ساڵ گەرایەوە کوردستان. شێخ تا کاتی مردنی لە چەندین شوێنی جیاواز ژیا و دوا جار هەتا كۆچی دوایی کرد لە گۆندی داریکەلی نیشتەجێ بوو.

هەرچی محموود خانی دزڵییە له‌ ساڵەکانی ١٩٤٥ بە دەستپێشخەری ڕووناکبیرانی ئەو سەردەمە بووە بە ئەندامی پشتیوانی حزبی هیوا و بەردەوام بووە لە تێکۆشانی خۆی و تا ئەو کاتەی لە ساڵی ١٩٤٦ به‌ پیلانی كاربه‌ده‌ستانی‌ ئێران و بە هاوکاری چەند خائینێکی گەل و نیشتمان لە سەر داوای ئینگلیزەکان ژەهرخواردوو  دەکرێت و بەو هۆیەوە دوای ٩ شەوانە ڕۆژ لە ململانێی سەخت شەهید دەبێت و تەرمەکەی لە هانەی قۆڵى هەرێمی هەورامانی دیوی باشوری کوردستان بە خاک دەسپێردرێت. شایانی باسە کە مەحمود خانی دزڵی لە لایەن بەریتانیایەکانەوە زۆرترین بەڵگەی لە سەر کۆکراوەتەوە و کەسێک بووە کە دژ بە سیاسەتەکانی بەریتانیا کارا تێکۆشانی کردوە.
لە ١٠١ سەدو یەکەمین ساڵڕۆژی ئازادکردنی سلێمانی پێویستە کە گەلەکەمان لە سەر رێباز مەحمود خانی دزڵی کە پێکهێنانی یەکیەتی نەتەوەیی و نەنانسینی سنورە دەستکردەکان نێوان بەشەکانی کوردستان بوو بەردەوام بن و ئامانجەکانی بەدی بهێنن.

هیوا کۆساڵان ئەندامی پلاتفۆرمی هۆرام

Z